مالیکی: تەوافوقی سیاسی پلانی دوژمنانە

مالیکی: تەوافوقی سیاسی پلانی دوژمنانە


جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پێیوایە تەوافوقی سیاسیی لە عێراق ”پلانی دوژمنان“ی ئەو وڵاتەیە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی حکوومەتی شیعە لە عێراق دەدات.



رۆژی یەکشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2016، نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی پارێزگای موسەننا کۆ بووەتەوە و رایگەیاندووە، کە پارێزگاکانی باشووری عێراق جۆرێک لە شڵەژانیان تێدایە، بەهۆی ”میلیشیا و گرووپی چەتەیی دەرچوو لە یاسا“.



ئەم گوتانەی نوری مالیکی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانەیە، کە لە سەرەتای ئەم مانگە لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان و واست دژایەتیی خۆیان بۆ سەردانی مالیکی بۆ پارێزگاکانیان راگەیاند و بە دار و بەرد هاوێشتن، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایان ناچار کرد بگەڕێتەوە بەغدا.



جێگری سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە تەوافوقی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ”پلانی دوژمنان“ـە و داوای لێکردوون بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە لیستەکەی بدەن، تاوەکو ”حکوومەتی زۆرینە“ پێکبهێنێت.



دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، هەموو حکوومەت و وەزیرەکان بە تەوافوقی سیاسی و نەتەوەیی لە نێوان عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە، کورد، مەسیحی و تورکمانەکان دابەشکران، کە وەرگرتنی دوو خولی سەرۆکایەتیی وەزیرانیش لەلایەن نوری مالیکی، هەر بە پێی تەوافوقی سیاسی بووە.



بەهۆی ئەوەی زۆرینەی هاووڵاتییانی عێراق شیعەمەزهەبن، لە ئەگەی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە و پشتکردن لە تەوافوقی سیاسی، تەواوی حکوومەت و بەرپرسانی دەبنە شیعە و سوننە، کورد، تورکمان و مەسیحییەکان بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن.
bas news-
Top