بەغدا.. بە چەک هێرش دەکرێتە سەر ئاهەنگێکی مەسیحییەکان
لە گەڕەکێکی شاری بەغدا، بە چەک هێرش دەکرێتە سەر ئاهەنگێکی مەسیحییەکان و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
رێکخراوی سووایا بۆ رۆشنبیری و راگەیاندن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێرشەکە رۆژی یەکشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2016 کراوەتە سەر ئاهەنگگێڕانی مەسیحی لە کڵێسایەکی گەڕەکی غەدیر لە بەغدا.
رێکخراوی سوورایا بۆ رۆشنبیریی و راگەیاندن هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی هێرشەکەوە، کە ژمارەیەک چەکدار کردیانە سەر ئاهەنگەکەی مەسیحییان بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا (د. خ.)، سێ هاووڵاتیی مەسیحی گیانیان لەدەست داوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
هێرشکردنە سەر مەسیحییەکانی بەغدا لە کاتێک دایە، کە مەسیحییەکانی کوردستان و ئاوارە مەسیحییە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە ئازادیی و دوور لە ترس رێوڕەسمی ئاهەنگەکانی جەژنی لەدایکبوون دەکەنەوە و مەسیحییەکانی دەشتی نەینەواش لەژێر سایەی پێشمەرگە، ئاهەنگەکانیان بەڕێوە دەبەن.
bas news-
