ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی دەنێردرێنە کوردستانی رۆژئاوا
بەپێی زانیارییەکان، ئەو سەرکردانەی حەشدی شەعبی وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی چەکدارانی میلیشیاکان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی رژێمی سووریا، گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ.
حەشدی شەعبی بە پاساوی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، بە نیازە نزیکەی دوو هەزار چەکدار بنێرێتە کوردستانی رۆژئاوا و لە ناوچەی چیای کەوکەب لە دەوروبەری شاری قامیشلۆ جێگیریان بکات.
خالید خەلیفە، چالاکوان و رۆژنامەنووسی کوردستانی رۆژئاوا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە ئامانجی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شەڕکردن نییە لەگەڵ داعش، بەڵکو دەستبەسەردا گرتنی سنووری نێوان کوردستانی رۆژئاوا و باشوورە.
پێشتر هادی عامری، سەرکردەی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو، کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا داوای لە حەشدی شەعبی کردووە، هاوکاریی رژێمەکەی لە دژی داعش، بکات.
قامیشلۆ پایتەختی کانتۆنی جزیرێیە لە کوردستانی رۆژئاوا، کە بەشێکی شارەکە بە فڕۆکەخانەکەشییەوە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا دایە.
باسنيوز
