داعش فهرمانی دهستگیركردنی بۆ سهركردهیهكی دهركرد
دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی 3 رۆژ، رێكخراوی داعش لە بەری راستی شاری موسڵ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەرپرسێكی دیوانی زەكات دەركرد، كە لەلایەن خەڵكی موسڵ بە (ئەنیق) ناسراوە.
سەعید مەموزینی، بەپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ، رایگەیاند "رێكخراوی داعش فەرمانی بۆ خاڵەكانی پشكنینی گەڕەكەكانی بەری چەپی شاری موسڵ گشتاندووە، تێیدا داوای دەستگیركردنی ئەبو تەبارەكی كردووە، كە یەكێكە لە بەرپرسانی دیوانی زەكات و ماوەی 3 رۆژە دیارنەماوە".
بەپێی زانیارییەكان چەكدارانی داعش لە ناوچەی باب تۆپ هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەبو تەبارەك، بەڵام لەماڵ نەبووە. ئەبو تەبارەك لەلایەن زۆربەی دانیشتووانی ناوچەكە بە (ئەنیق) ناسراوە، چونكە بەپێچەوانەی سەركردە و چەكدارانی دیكەی داعش زۆر گرنگی بەخۆی دەدات .
وەك مەموزینی باسی كرد، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 21/12/2016، چەكدارانی داعش ژمارەیەكی زۆری دانیتشووانی گوندی تلفارس-یان بۆ نێو شاری موسڵ گواستووەتەوە، بۆئەوەی وەك قەخاڵخانی مرۆیی بەرامبەر هێزە ئەمنییە عێراقییەكان بەكاریان بێنن. گوندی تلفارس سەر بە شارۆچكەی تەل عەبتەیە لە رۆژئاوای شاری موسڵ.
هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی موسڵ جەدیدەش بۆمبێكی چێندراو لەدەست چەكدارانی داعش تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە 3 چەكدار كوژراون، یەكێك لە چەكدارە كوژراوەكان ناوی ئەبو زاهیرە و پسپۆڕە لە بواری بۆمب.
زیاتر لە دوو مانگە شەڕی موسڵ دەستی پێكردووە، تاوەكو ئێستاش جگە لە كۆنترۆڵكردنەوەی زۆربەی ناوچەكانی دەوروپشتی ئەو شارە، نزیكەی 40 گەڕەكی بەری موسڵ كۆنترۆڵكراونەتەوە، لیوا فازڵ بەرواری، فەرماندەی گشتیی فیرقەی زێڕین لە عێراق كە دیارترین هێزە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، پێشبینی دەكات تاوەكو دوو مانگی دیكە تەواوی شاری موسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
payamner-
