بانكی نێوده‌وڵه‌تی ملیارو نیوێك دۆلاری دیكه‌ ده‌داته‌ عیراق

بانكی نێوده‌وڵه‌تی ملیارو نیوێك دۆلاری دیكه‌ ده‌داته‌ عیراق

بانكی نێوده‌وڵه‌تی ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر پێدانی بڕی نزیكه‌ی ملیارێك و 500 هه‌زار دۆلار به‌ عیراق، به‌وه‌ش سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عیراق ده‌گاته‌ نزیكه‌ی سێ ملیار و چوار سه‌د ملیۆن دۆلار.

فه‌رید بلحاج، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند: "پێدانی ئه‌و قه‌رزه‌ بۆ هاوكاریكردنی عیراقه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، كه‌ تێچووی زۆره‌".

وتیشی: "له‌ئێستادا حكومه‌تی عیراق سه‌رقاڵی چاكسازییه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانیدا و قه‌رزه‌كه‌ش پاڵپشتییه‌كه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت له‌ چۆنێتی په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌ جیاوازه‌كان و كۆمپانیا حكومییه‌كان".

ساڵی رابردوش بانكی نێوده‌ڵه‌تی بڕی ملیارێك و پێنج سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلاری وه‌ك قه‌رز دا به‌ عیراق.

پێشتریش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكرد به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ بڕی 35 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌.

هاوكات شه‌وی رابردوو نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: حكومه‌تی عیراق بڕێكی زۆر پاره‌ وه‌ك قه‌رز و هاوكاری له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون، به‌ڵام هیچ پشكێكی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ نییه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستی داعش رزگاری كردوون.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب، روونیكرده‌وه‌: ئه‌و لیژنانه‌ی سه‌رپه‌رشتی وه‌رگرتن و دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا، هیچ كوردێكی تیایدا نییه‌، له‌ هیچ كام له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشدا بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزو هاوكارییه‌كان، نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستانی تیانییه‌.
payamner-
Top