گۆڤاری پۆلیتیكۆ: سوپای زێرین سهركهوتنی گهورهیان تۆماركردوه دواین سهركهوتنیشی دهبێت
سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ دەكرێ سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕێكی نێوخۆیی هەمەلایەنە بێت لە عێراق، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەو هێزەی دەتوانێت رێگە لە سەرهەڵدانی ئەو شەڕە بگرێ، خەریكە لە زەلكاوی شەڕی مووسڵدا لەنێودەچێت.
شكستی داعش بۆ شارەزایی فیرقەیەكی تایبەتی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە كە نزیكەی 10 هەزار سەربازی لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێدایە. ئەو هێزە لە نێوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم ئەركی پێشەنگایەتی شەڕی مووسڵیان پێ سپێردرا. ئەم هێزەش فیرقەی یەكەمی هێزە تایبەتەكانی عێراقن كە بە فیرقەی زێڕین ناویان دەركردووە.
جەنگی مووسڵ تا دێت سەختتر دەبێت، ئەمەش تەنیا وادەی گرتنەوەی دووەم گەورە شاری عێراق دواناخات، بەڵكو ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی فیرقەی زێڕینیش بەرزتر دەكاتەوە، وەك یەكێك لە بەرپرسانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا بە گۆڤاری پۆلیتیكۆی ئەمریكی راگەیاندووە "سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بە نرخێكی قورس بەدەست دەهێنرێ و ئەمە لە درێژخایەندا دەكرێ ئاكامی قورسی بۆ عێراق بەدواوە بێت".
فەرماندەكانی ئەو فیرقەیە لە هەموو شەڕێك زیاتر سەرقاڵن بە شەڕی مووسڵەوە، چونكە مووسڵ دوا پێگەی بەهێزی داعشە لە عێراق و بگرە پایتەختیانە. یەكێك لە فەرماندەكانی ئەو فیرقەیە نایشارێتەوە كە "ئەگەر شەڕ وا بڕوات، تاوەكو بەرەی چەپی مووسڵ كۆنترۆڵ دەكرێتەوە، بەشێكی زۆری فیرقەی زێڕین لەدەست دەدەین". بەڵام لیوا مەعن زەید، یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی فیرقەی زێڕین رایگهیاند "هیچ شەڕێك نییە قوربانیی تێدا نەبێت، تاوەكو مووسڵیش رزگار دەبێ قوربانی هەر دەبێ".
داعش لە شەڕی مووسڵدا چەكی نوێی بەكارهێنا، ئەویش چەكی (كۆڕنێت)ە كە دژی تانكە و بەو چەكە گورزی كوشندەی لە سوپای عێراق داوە. وەك لیوا مەعن دەڵێت "داعش لەو شەڕەدا چەكی بەهێزی هەیە، بەڵام ئەو قوربانییەی ئێمە داومانە زۆر كەمترە لەوەی باس دەكرێ".
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كە فەرمانداری گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، زیاتر لە جارێك رایگەیاندووە كە ئەمساڵ مووسڵ كۆنترۆڵ دەكەنەوە، بەڵام لیوا مەعن دەڵێت "كەس ناتوانێ بڵێ شەڕی مووسڵ كەی تەواو دەبێ".
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، گورزی كەمەرشكێنیان لە داعش داوە "تەنیا لەو میحوەرەی من سەرپەرشتی دەكەم هەزار چەكداری داعش كوژراون". بەڵام ئەو ژمارەیە بەلای خودی چەكدارانی فیرقەكەوە جێی گومانە. سەربازێكی فیرقەی زێڕین لە مووسڵ كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، "ئەم شەڕە سەیرە، جاری وا هەیە گەڕەكێكی تەواو كۆنترۆڵ دەكەینەوە یەك تەرمی داعش نابینی، لە هیچ گەڕەكێك زیاتر لە 5 تەرمی داعش نەبینراوە".
هاوكات فەرماندەیەكی ئەو فیرقەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت "چەند گەڕەكی زیاتر كۆنترۆڵ بكرێتەوە شەڕەكە قورستر دەبێ، چونكە داعش حەسر دەبێ، ئیدی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكۆژ زیاتر دەبن و شەڕی تووندتر دەكەن. بۆیە شەڕی مووسڵ پیاوی خۆی دەوێ".
لە راپۆرتەكەی پۆلیتیكۆدا هاتووە "سەركەوتنی فیرقەی زێڕین دەكرێ وەكو یەكێك لە گەورەترین سەركەوتنەكانی حكومەتی عێراق بچێتە نێو مێژووەوە، بەڵام دەكرێ دوایین سەركەوتنیشیان بێت".
payamner-
