ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە %30

ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە %30
سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند بەهۆی قەیرانەکانی ئەمنی و ئابوورییەوە ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە 30% و ڕێژەی بێکارییش بۆ 20% بەرز بووەتەوە.


جومەیلی لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەڕی عێراق ئەلیوم بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو قەیرانە ئەمنی و ئابوورییانەی تووشی عێراق بوون، زۆربەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەکار کەوتوون، ڕەوشی ئابووری بەرەو پاش ڕۆیشتووە و ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە وڵاتدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە.


لەلایەن خۆیەوە، سیروان محەمەد بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەوان ئاگادار نین لەو ڕێژەیەی وەزیری پلاندانانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە و ئەو داتایانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکەیان ئامادە نەکراوە.


سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد ڕاستە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان بۆ هەرێم و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە هەرێمیش زیادی کردووە، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق هیچ ڕووپێوێکمان نەکردووە تا بتوانین ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکەینەوە، واتە ئامارەکە پەیوەستە تەنیا بە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە.
BAS NEWS -
Top