ھیومان ڕایتس وۆچ: حەشدی شەعبی لە گوندێکدا ٤ کەس لەسێدارە دەدەن

ھیومان ڕایتس وۆچ: حەشدی شەعبی لە گوندێکدا ٤ کەس لەسێدارە دەدەن
بەپیێ ڕاپۆرتێکی تایبەت کە لە ماڵپەری ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (ھیومان ڕایتس وۆچ) بڵاوکراوەتەوە، "میلیشیاکانی شیعەی عیراقی کە لەلایەن حکومەتەوە پشتگیری دەکرێن بە تومەتی لایەنگری بۆ داعش ٤ کەسیان لەسێدارە داوە و لە ٢٩ی مانگی ڕابردووش بەبێ ئەوەی ھیچ لێکوڵینەوەیەکیان لەگەڵدا بکەن کەسێکیان گوللەباران کردووە.



بەپێی وتەی خەڵکی گوندی (شیالەت ئەلئیمام) چەکدارانی حەشدی شەعبی ٤ کەس بە دووری چەند سەد مەترێک لەوان گوللەباران دەکەن و ئەوانیش تەرمەکانیان وەرگرتووتەوە.



لەم بارەیەوە، لەمیا فەقی جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھیومان ڕایتس وۆچ وتی "پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چون ڕێگە دراوە بە میلیشیاکان بۆ ئەوەی بەندکراوان لە سێدارە بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لەسەر سوپای عێراق ڕێگری لەم کارانە بکات و بەرگری لە خەڵکی سڤیل بکات".



خەڵکی گوندەکە کە ٧٠ کیلومەتر دەکەوێتە باشووری شاری موسڵ و باکووری پارێزگای سەلاحەدین ئاماژە بەوەش دەکەن چەکدارەکان ئێمەیان لە شوێنێکی ناو گۆندەکە کۆکردەوە و ٢ کەس لەناو خەڵکەکە و دووکەسی دیکەیان لە قوتابخانەیەکدا دەرھێنا و چەند مەترێک لە دووری ئێمە گوللەباران کران، ئەمە جگە لەوەی ٢ کەسیان گرتووە کە چارەنوسیان تا ئێستا نادیارە.



بەپێی ڕاپۆرتە نێودەڵەتییەکان چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا بە بەردەوامی پێشێلکاری لەبەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن و لەم بارەیەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت.
PAYAMNER -
Top