ڕاپرسییەک: دەنگەکانی هەدەپە لە تورکیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە
بەپێی ڕاپرسییەکی دەزگای ORC کە لە ٣٥ شاری تورکیادا بە بەشداری ٢ هەزار و ٤٥٠ کەس ئەنجامی داوە، دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە لە بەرامبەردا ڕێژەی دەنگەکانی مەهەپەی نەتەوەپەرستی تورکیا بەرزبوونەتەوە.
ڕۆژنامەی میللیەتی تورکی ئەنجامی ڕاپرسیەکەی بڵاوکردووەتوە و تێدا هاتووە، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، ئاکەپەی دەسەڵاتدار ٥٢،٨% دەنگەکان و جەهەپە ٢٣،٤% و مەهەپە ١٥% و هەدەپەش ٧% بەدەست دێنێت.
هەر لە چوارچێوەی ڕاپرسیەکەدا ڕێژەی ٦١% بەشداربووان پشتگیری لە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ کۆماری تورکیا دەکەن کە هەریەکە لە مەهەپە و ئاکەپە هاندەری ئەو پرۆژەیەن، لەبەرامبەردا جەهەپە و هەدەپە لەدژی وەستاونەتەوە.
جێی باسە، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، هەدەپە توانیبووی ١٣% دەنگەکان بەدەست بێنێت، بەڵام بەهوی شەڕ و توندوتیژیی نیوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیادا ڕێژەی دەنگەکانی ئەو حزبە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، لەبەرامبەردا ڕێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی دەسەڵاتدار ڕووی لە زیادبوون کردووە.
payamner-
