میلیشیایەکی حەشدی شەعبی: شەقامەکانی عێراق خەڵتانی خوێن دەکەین

میلیشیایەکی حەشدی شەعبی: شەقامەکانی عێراق خەڵتانی خوێن دەکەین
سەرۆکی میلیشیایەکی حەشدی شەعبی هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە شەقامەکانی عێراق خەڵتانی خوێن دەکەن.



واسق بەتات، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای عێراقی و یەکێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب بەرگریی لە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەکات.



واسق بەتات لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، خۆپیشاندەرانی دژی نوری مالیکی بە ”نەتەوەی لوت“ ناودەبات و پێیوایە ئەوانە لە یاسا دەرچوون.



نەتەوەی لوت، هەروەک سەرچاوە ئاینییەکان دەیگێڕنەوە، نەتەوەیەکی کۆنی جیهان بوون و بە ”نێربازی“ بە ناوبانگ بوون.



ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای عێراقی پێیوایە ئەوانەی بەردەوام بەشداریی هەموو خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەعسین یاخود ئەندامی رێکخراوی توندڕەوی داعشن و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، کە رێوشوێنی توند دژی ئەو خۆپیشاندەرانە بگرێتە بەر.



بە گوتەی واسق بەتات، ئەو کەسانەی ”سووکایەتییان“ بە نوری مالیکی کرد و لە شارەکانی بەسرە و ناسریە دەریان کرد، لە یاسا دەرچوون و ”ئێمەش سووکایەتیکردن بە هیچ رەمزێک قبوڵ ناکەین“.



ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە ئەگەر حکوومەت رێگریی لەو جۆرە خۆپیشاندانانە نەکات، ئەوا میلیشیاکەی شەقامەکانی عێراق پڕ دەکات لە خوێن.



بەپێی زانیارییەکان، لە شارەکانی میسان، ناسریە و بەسرە بە بەرد و پێڵاو هێرش کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ونری مالیکی و داوای دەرکردنیان دەکرد، هاوکات لە شاری ناسریە ناچاریان کرد کۆنگرەیەکی عەشایەری بەجێ بهێڵێت.



دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندووە، سوپاسی ئەو هاووڵاتییانە دەکات، کە دژایەتیی ”هەڵسوکەوتی نایاسایی و دژبەری یاسا و ئاداب“ ئەو کەسانەیان کردووە، کە هێرشیان کردووەتە سەری.



زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.



پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news -
Top