ئێران پلانی كۆنتڕۆلكردنه‌وه‌ی موسل قورسترده‌كات

ئێران پلانی كۆنتڕۆلكردنه‌وه‌ی موسل قورسترده‌كات
پلانی سەرەتایی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بریتی بوو لەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە شێوەی ناڵی ئەسپ بە دەوری مووسڵدا جێگیر بكرێن و پێشڕەوی بكەن، بەمەش رێگەیەكی دەرچوون لە رۆژئاوای مووسڵ بۆ چەكدارانی داعش بەرەو سووریا بهێڵنەوە. بەڵام ئێران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەیانهێشت ئەو پلانە سەربازییەی سوپای عێراق جێبەجێ بكرێ.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لە رۆژانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵدا، ئێران گوشارێكی زۆری بۆ حكومەتی عێراق هێنابوو بۆئەوەی ئەو رێگەی دەرچوونەش بگرن و شارەكە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ بدەن، حكومەتی عێراقیش دواجار چووە ژێر باری داواكەی تاران و هەر ئەمەش كاریگەریی بەرچاوی لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكە دانا.

ئەو پلانەی سەرەتا لە ئۆپەراسیۆنەكانی گرتنەوەی چەندین شاری عێراقدا بەكارهێنرابوو، بریتی بوو لە هێشتنەوەی رێڕەوێك بە كراوەیی بۆ ئەوەی چەكدارانی داعش و هەروەها خەڵكی سیڤیل بتوانن دەربچن. ئەم پلانە دەیتوانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ خێراتر و ئاسانتر بكات.

كۆمەڵێك بەرپرسی عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ئێران گوشارێكی زۆری كردووە بۆ ئەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی رەوانەی رۆژئاوای مووسڵ بكرێن و رێگەی نێوان مووسڵ و رەققە ببڕن. ئێستاش كە داواكەی ئێران سەری گرتووە، چەكدارانی داعش هیچ رێگەیەكیان لەپێش نەماوە جگە لەوەی لە نێو شارەكەدا جەنگی مان و نەمان بكەن، خەڵكی سڤیلی شارەكەش رێگەیەكیان نییە لێوەی خۆیان رزگار بكەن.
payamner -
Top