هێزە عێراقییەکان بەرەو مزگەوتی نەبی یونس پێشڕەوی دەکەن
بەپێی سەرچاوە سەربازییە عێراقییەکان، رۆژی سێشەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2016، هێزێکی زۆری پۆلیسی ئیتیحادیی عێراقی بۆ پاڵپشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر ناردووەتە ناو شاری مووسڵ بۆ هێرشکردنە سەر تێرمیناڵی باکوور (گەراج شیمال).
هێزە عێراقییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، دوای رزگارکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری تێرمیناڵی باکوور، بۆ رزگارکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری مزگەوتی نەبی یونس پێشڕەویی دەکەن.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش دوای داگیرکردنی شـاری مووسڵ، بەشێکی مزگەوت و مەزاری پێغەمبەر یونس (د. خ.)یان تەقاندەوە، کە بە مزگەوت و شوێنێکی پیرۆزی موسڵمانان دادەنرێت و لە هەموو ناوچەکانەوە روویان تێدەکرد.
باسنيوز
