عه‌مار حه‌كیم ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

عه‌مار حه‌كیم ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

عەمار حەکیم سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بە رەتکردنەوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق رایگەیاند ئێران لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەمان بوونی ھەیە و ھاوکاری حکومەت دەکات و ھیچ کارێکی دەرەوەی ئەم چوارچێوەی ئەنجام نەدراوە.

حەکیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە تارانی پایەختی ئیران رایگەیاند لە شەڕی دژی داعش سەرکەوتنی زۆریان بەدەستھێناوە و بە پێداگری لەسەر یەکپارچەیی عیراق گوتی شەڕی موسڵ لە لایەن عێراقییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

ھەر لەمبارەوە گوتی بەھۆی ئەوەی نایانەوێت دانیشتوانی موسڵ کە زیاترن لە ملیۆنێک کەس شارەکەیان بەجێ بھێڵن، تاکتیکی تایبەتی دەگرنە بەر، بەڵام داعش ھاووڵاتیانی سڤیل وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەکار دەھێنێت، ھەر بۆیە پێشڕەوییەکان ھێواشتر بوون، بەڵام لەبەر چاون و پێشی وایە لەماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو موژدەی ئازادکردنی موسڵ رادەگەیەنرێت.

ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رۆژی ١٧ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بە فەرمانی عەبادی و بەشداری نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەس لە ھێزەکانی عێراقی و کوردستانی و پشتگیری ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە نێوەی گەڕەکەکانی بەری چەپی موسڵیان کۆنترۆڵ کراون و نزیکی رووباری دیجلە بوونەتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی عێراق سەبارەت بە ھێزەکانی بیانی لە عێراق ئاماژەی بەوەدا ھاتنی ھێزە سەربازییەکانی وڵاتانی دیکە بێ ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەت قبووڵ ناکەین و بەڵام دژی خواستی بوونی ھێزەکانی بیانی نین لە ناوچەکانی شەڕی دژی داعش.

عەمار حەکیم لە سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەوانە عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران کۆ دەبێتەوە.

سەردانی حەکیم بۆ ئێران پاش ئەوە دێت کە سەردانی وڵاتی ئوردنی کردبوو و لەگەڵ پاشای ئەم وڵاتە، شا عەبدوڵڵا کۆ ببووەوە.
payamner-
Top