داعش لە ناوەڕاستی شاری موسڵ رۆژنامه‌نووسێكی كوشت

داعش لە ناوەڕاستی شاری موسڵ رۆژنامه‌نووسێكی كوشت

چەکدارانی داعش رۆژنامەنووسێکی عێراقییان لە ناوەڕاستی شاری موسڵ کوشتووە و روانگەی عێراقی بۆ ئازادییەکان ئەمڕۆ دوو شەممە ١٢/١٢/٢٠١٦ ھەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

روانگەی عێراقی بۆ ئازادییەکان کە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقییە رایگەیاندووە"رۆژنامەنووسەکە وێنەگر بووە لە رۆژنامەی ناوخۆیی(الحقیقە) و ناوی (ھاشم فارس) ە و پێشتریش لە کەناڵی تەلەفزیۆنی (الدیار)ی عێراقی و چەند رۆژنامەیەکی دیکەی ناوخۆیی عێراق کاریکردووە،تا ئێستاش ئاشکرا نەبووە کە چەکدارانی داعش بە چ تۆمەتێک کوشتوویانە.

روانگەکە سەرنجی خستووەتە سەر رووداوی کوشتنی چەندین رۆژنامەنووس و رۆشنبیر و چالاکوانی دیکە ،کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە ماوەی رابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر کوژراون و تۆمەتی ھاوکاریکردنی ھێزە حکومییەکانی عێراق و ھاندانی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشی خستبووەتە پاڵیان و نەیھێشتووە لە شاری موسڵدا کەسانی وابمێننەوە.

لەبارەی رووداوی کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسەوە (ئیمان جبوری) سەرۆکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە موسڵ رایگەیاندووە: رێکخراوی داعش وەک پیشەی ھەمیشەییان ھەمووان دەکەنە ئامانج بە تایبەتی رۆژنامەنووسان،چونکە دەترسن رۆژنامەنووسەکان راستییەکان باس بکەن و ئەوە رەوشەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا روودەدات بۆ میدیاکان بگوازنەوە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە مەترسیدارە بۆ کاری رۆژنامەوانی و سەدان رۆژنامەنووس لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئێستا بە ھۆکار و شێوازی جۆراوجۆر کوژراون،روانگەی عێراقی و سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقی لەو بارەوە دەڵێن تا ئێستا ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە عێراقدا کوژراون گەیشتوونەتە "٤٢٠" رۆژنامەوان.
payamner-
Top