ژمارەی ئاوارەکانی مووسڵ و حەویجە گەیشتە ١٠٠ ھەزار کەس
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا تائێستا ١٠٠ ھەزار کەس لەو شارە و قەزای حەویجەوە ئاوارە بوون.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، "دەرباز محەمەد" لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و دوای بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەت بە ئاوارەکان لە میانی کۆنفرانسی پارتە سۆسیالیستەکانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی کە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد، باسی لە دوایین ئاماری ئاوارەکانی شاری مووسڵ و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد.
دەرباز محەمەد سەرەتا گوتی: "لەسەرەتاوە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتووین لەسەر ئەوەی ئاوارەکان نەیەنە ناو شارەکانەوە، بەڵکو لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ بکرێن، تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەس لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون، بەڵام نزیکەی ١٣ ھەزار کەسیان لەماوەی ئەو چەند ھەفتەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".
ئەو گوتیشی: "کەمپەکانمان لە شێخانەوە دەست پێدەکات تاوەکو خازر و حەسەن شام و ناوچەی مەخموور، لەولاشەوە لە بەشی باشوری نەینەوا لە ناوچەی گەیارە بە پلەی یەک، دواتر لە کەرکووک رۆژانە ھاووڵاتییان لە حەویجەوە ئاوارەکان دەبن".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوە کرد ئامادەکارییەکانیان لە ئاستێکی باشدایە و لە ئێستادا توانای لەخۆگرتنی ١٢٠ ھەزار کەسیان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پلانیان ھەیە پێشوازی لە ٥٠٠ ھەزار کەس بکەن، بەڵام بەدوری دەزانن لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی ئاوارەکان بگاتە ئەو ژمارەیە.
دەرباز محەمەد لە بارەی تێکڕای رۆژانەی ئاوارەکانەوە گوتی: "لە ماوەی دوو مانگی رابردوو ١٠٠ ھەزار کەس ئاوارە بوون و لە ژێر کۆنترۆڵدان، تێکڕای ئاوارەبوونی رۆژانە دەگاتە دوو ھەزار کەس، ٧٠ لەسەدی ئەو کەسانەش بە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان ھاتوون".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران نین لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا ژمارەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و نیو کەس کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و یەک لەسەر سێی لە ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە، لەو پڕۆسەیەش بەردەوامین و ھاوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
payamner-
