مووسڵ.. هێزە عێراقییەکان لە رووباری دیجلە نزیک دەبنەوە
رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2016، سەرچاوە سەربازییە عێراقییەکان رایانگەیاندووە، کە هێزە عێراقییەکان هەوڵ دەدەن چەکدارانی رێکخراوی توندرەوی داعش لە بەری رۆژئاوا (راست)ی شارەکە گەمارۆ بدەن.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادی و چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە باشوور و رۆژئاوای شاری مووسڵ لە پێشڕەوییدان و بەمەش چەکدارانی داعش لە بەری رۆژئاوای مووسڵ بە تەواوی گەمارۆ دەدرێن.
هەروەک سەرچاوە سەربازییە عێراقییەکان رایانگەیاندووە، ئێستا هێزە عێراقییەکان تەنها سێ کیلۆمەتر لە رووباری دیجلەوە دوورن و دەستیان بە پاککردنەوەی هەموو گەڕەکە رزگارکراوەکان لە بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش کردووە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
