جگە لە شاری سلێمانی خەریكە نوری مالیكی لە هەموو عێراق دەربكرێتە دەرەوە.. بە مەلعون و فاسد وەصفی دەكەن

جگە لە شاری سلێمانی خەریكە نوری مالیكی لە هەموو عێراق دەربكرێتە دەرەوە.. بە مەلعون و فاسد وەصفی دەكەن
هاووڵاتییانی شاری بەسرەش لە باشوور عێراق داوای دەرکردنی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە شارەکەیان دەکەن.



شەوی شەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2016، سەدان هاووڵاتیی شاری بەسرە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای بەسرە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و دژایەتیی خۆیان بۆ سەردانی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراق نیشان دا.



هاووڵاتییانی بەسرە هوتافی دژی نوری مالیکی‌یان کێشاوە و گوتوویانە، ”مەلعون.. مەلعون نوری مالیکی“، هاوکات باسیان لەوە کردووە، مالیکی بە خراپترین شێوە حوکمڕانیی عێراقی کرد و بووە هۆی داگیرکرانی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعش.



لە گردبوونەوەکەدا، هاووڵاتییانی بەسرە بەرپرسیارێتیی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی عێراقیان خستە ئەستۆی مالیکی، جگە لە تاوانبارکردنی بە هۆکاری کوشتارگەی سپایکەر، کە نزیکەی 1700 سەربازی عێراقی تێیدا بە دەستی چەکدارانی داعش کوژران.



پێشتر هاووڵاتییانی شارەکانی ناسرییە و میسان نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی ئیسلامییان ناچار کرد شارەکەیان بەجێ بهێڵێت و بە بەرد و پێڵاو هێرشیان کردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی.



زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.



پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنيوز
Top