مالیكی هۆشداری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی نوێ ده‌دات له‌ عێراق

مالیكی هۆشداری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی نوێ ده‌دات له‌ عێراق


نوری مالیكی هۆشداری له‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی نوێ دوای كۆتاییهاتنی داعش له‌ عێراق ده‌دات و ده‌شڵێت: "ده‌بێت حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر هه‌ر بستێكی خاكی عێراق بسه‌پێنێت".

نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا, هه‌ڵوێستی له‌ پڕۆژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌ بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی راگه‌یاند و گووتی: "ئه‌و ئاشته‌واییه‌ حزبی به‌عس و ئه‌وانه‌ی تیرۆریان هێنایه‌ عێراق ناگرێته‌وه‌".

نوری مالیكی له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێك له‌ كۆنگره‌ی هۆزه‌كان له‌ پارێزگای زیقار رایگه‌یاند, ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ عێراق و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه‌.

سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا گوتیشی: "به‌مزووانه‌ ئاگری داعش له‌ عێراق ده‌كوژێته‌وه‌، به‌ڵام هۆشداری له‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی دیكه‌ دوای داعش ده‌ده‌م، له‌ ژێر ناوی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ داعش رزگاركراون، ده‌بێت رۆڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان تێدا هه‌بێت".

مالیكی ئه‌م كاره‌ش به‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار وه‌سفده‌كات، چونكه‌ به‌ گوته‌ی خۆیی ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر هه‌ر بستێك له‌ خاكی عێراق بسه‌پێنێت.
k24-
Top