لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مان..حكوومه‌تى عێراق تواناى دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى نامێنێت
نوور بجارى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان له په‌رله‌مانى عێراق، ڕاى گه‌یاند :" ده‌نگۆى نه‌دانى مووچه‌ى دوو مانگى كۆتایی ساڵى داهاتوو له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، نه‌ك هه‌ر كێشه‌یه، به‌ڵكو كاره‌سات درووست ده‌كات". هۆشداریشی دا له ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشانانى جه‌ماوه‌رى ئه‌گه‌ر مووچه نه‌درێت، به‌تایبه‌ت كه چه‌ند ملیۆنێك فه‌رمانبه‌ر هه‌یه.
داواشی كرد، ڕێگه‌چاره بدۆزرێته‌وه بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، پێشنیازیشی كرد، مووچه بۆ (10 ڕۆژ) دوا بخرێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك چاره‌سه‌رێك له‌برى نه‌دانى مووچه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێیشیوایه، گه‌ڕانه‌وه‌ى 18 هه‌زار ئه‌ندامى هێزه ئه‌منییه‌كان، كه له‌شه‌ڕه‌كان هه‌ڵاتوون و له لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرییه‌وه ده‌ركراون و په‌رله‌مان به بڕیارێك ده‌یانگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان، كارێكى خراپه به‌تایبه‌ت كه حكوومه‌ت تواناى دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى نییه.
لاى خۆیه‌وه، باسم ئه‌نتوان، ئابووریناسى عێراقی، به ماڵپه‌رى "مه‌دا پرێس"ـى عێراقی ڕاگه‌یاند :" پلانى حكوومه‌ت بۆ لایه‌نه دارایی و ئابوورییه‌كان، هه‌ڕه‌مه‌كییه، به‌تایبه‌ت كه زیاتر له یه‌ك ناوه‌ندى هێز له ده‌وڵه‌تدا هه‌یه".
ڕوونیشی كرده‌وه، كه ده‌وڵه‌تى ئه‌مڕۆی عێراق، ده‌وڵه‌تى فه‌رمانبه‌رانه و هیچ پلانێكى نییه بۆ كاراكرنى كه‌رتى تایبه‌ت.
BASNEWS -
