پێنج سەركردەی باڵا لە داعش جیابوونەوە

پێنج سەركردەی باڵا لە داعش جیابوونەوە

پێنج سەرکردەی باڵای داعش کە زۆربەیان بیانین، بەھۆی سەرنج و تێبینییان لەبارەی شێوازی کارکردنی ئەبوبەکر بەغدادی جیابوونەتەوە، لە ھەندێک شوێنیش شەڕ و پێکدادانیان لەنێواندا دروست بووە، ئەوان لە رەققە خاوەن چەکدار و لایەنگر و سنوورێکی فراوانن و رەنگە لە چەند رۆژی داھاتوودا لەگەڵ لایەنگرانی بەغدادی شەڕ و پێکدادانیان گەورەیان لەنێواندا رووبدات.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیانددنی لقی ١٤ ی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند "پێنج سەرکردەی باڵای داعش لە رێکخراوەکەیان جیابوونەتەوە و زۆرینەیان بیانین، ناوی دوویان دیارە کە بریتین لە (بیلال شەواش و ئەبو ئەنەس سووری)".

وەک مەموزینی باسی کرد، بیلال شەواش بەڕەگەز تونسییە و بەرپرسی سەربازی پێشووی بەرەی نووسرە بووە، لە ٢٠١٤ ھاتووەتە نێو داعش، ئەبو ئەنەس سووری، بەرپرسێکی باڵای داعش بووە و ئەم ماوەیە لە موسڵ بووە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەرەو رەققەی سووریا گەڕاوەتەوە.

ھەر پێنج سەرکردەکەی داعش کە چەکدار و لایەنگرێکی زۆریان ھەیە لەنێو داعش، چوونەتەوە رەققە، لەوێ سنوورێکی فراوانیان ھەیە و چەکدار و لایەنگرانی بەغدادی توانایان نییە لێیان نزیک ببنەوە، وەک مەموزینی ئاماژەی پێدا، دانوستاندنیان لەنێواندایە، ئەگەر نەگەنە یەک، دەبێتە شەڕیان.

ھەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن و یەکدی بە دوور لە ئیسلام دەزانن. مەموزینی گوتی "ئەو سەرکردانە داوای لادانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش دەکەن و، بەنیازن شێوازی کارکردنی داعش بگۆڕن، تەنانەت ئەوان بەغدادی بە کەسێکی خوێنخۆر و دوور لە ئیسلام دەزانن، گومانیش دەکرێت بەم نزیکانە شەڕێکی گەورەیان لەنێودا رووبدات".

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەدا پێنج سەرکردەکە وایدەبینن ئەبوبەکر بەغدادی بووەتە ھۆی خراپووبنی بارودۆخی عێراق و سووریا و تەنانەت داعشیشی تێکداوە، ئەوان دەڵێن ناگەڕێنەوە نێو داعش تاوەکو لانەدرێت و جێگرێکیشی بۆ دانەنرێت، بەمەرجێک جێگرەکەی عێراقی نەبێت، چونکە جیاوازی لەنێوان داعشە عێراقییەکان و داعشە بیانییەکان دروست بووە.
payamner-
Top