قودسی عەرەبی: حەشدی شەعبی ڕێگرە لەبەردەم کارەکانی پۆلیس لە فەللوجە
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی قودسی عەرەبی، ئەفسەرێکی پۆلیسی فەللوجە ڕایگەیاندووە کە کەتیبەکانی سەر بە چەکدارانی حەشدی شەعبی نووسینگەکانیان لە ڕێگەی چەند عەشیرەتێکەوە دەکەنەوە و ڕێگری لە چالاکییەکانی پۆلیسی شارەکە دەکەن.
"عامر عیساوی" ئەفسەری پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتیی پولیسی فەللوجە ڕایگەیاند کە کەتیبەکانی بەدر و حزبوڵڵای عێراقی و عەسائیب ئەھل حەق، نووسینگەکانیان بەھاوکاریی چەند سەرۆک ھۆزێک بە بێ ڕەزامەندیی دەسەڵاتداری ناوخۆیی شارەکە کردوونەتەوە و ڕێگری لە پۆلیس دەکەن چەند کەسێکی داواکراو لە ناوچەی نسافی فەللوجە دەستگیر بکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە دوای ئەوەی پۆلیسی فەللوجە چەندین کەسی داواکراوی دەستگیر کردبوو و بۆ بنکەی پۆلیسی ئەلبو عەلوانی گواستوونەتەوە، لەلایەن حزبوڵڵای عێراقییەوە بەسەر بنکەکەدا دراوە و دەستگیرکراوەکان بۆ شوێنیکی نادیار گواستراونەتەوە و دواتر ئازادکراون.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەو کەتیبانە لە ڕوێگەی نوسینگەکانیانەوە دەستیان بە کردنەوەی سەربازگەی مەشق و ڕاھێنان بۆ چەکدارەکانیان کردووە و شوێنەکانیان قەدەغەکراون و ڕێگە نادەن دەسەڵاتەکانی ناوخۆی ناوچەکە لێنان نزیک ببنەوە.
payamner -
