" لە ناوچەکانى حەشد و سوپاى عێراق بۆشایى ئەمنى هەیە"
فەرماندەکانى پـێشمەرگە ئاماژەبەوەدەکەن لە بەشێک لەو ناوچانەى لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقدایە بۆشایى ئەمنى هەیە ، بۆیە داعش لەو ناوچانەوە دزەدەکەن و هێرش دەکەنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە.
عەبدوڵا بۆر، فەرماندەى میحوەرى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند: داعش بەشێوەى پارتیزانى شەڕ دەکات بۆیە لەناوچەکانى سنورى سوپاى عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و بەریان پێناگیرێت.
پێشتریش چەند جارێک چەکدارەکانى داعش لەسنوورى ناحیەى قەرەتەپە و ناوچەى کۆباشى پارێزگاى دیالەوە هێرشیانکردە سەر پێشمەرگە، کەبە گوتەى عەقید کاوە ئەحمەدى، فەرماندەى پێشمەرگە، داعش بۆشایى ئەمنى ژێر دەسەڵاتى سوپا بۆ هێرشکردن دەقۆزێتەوە.
پێشتریش کاتێک چەکدارەکانى داعش دزەیانکردە نێو کەرکووک، بەرپرسانى پێشمەرگە باسیان لەوەکردبوو کە چەکداران لە سنوورى گوندى بەشیرى ژێر دەسەڵاتى حەشدى شەعبیەوە پەڕیونەتەوە بەرەو کەرکووک.
BAS NEWS-
