عێراق.. لە یەک مانگدا چوار هەزار کەس بوونەتە قوربانی
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیەندا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ هەزار هاووڵاتیی عێراقی کوژراون و بریندار بوون و جەخت دەکاتەوە دەبێ هەوڵی پێویست بۆ نەجاتی گیانی خەڵکی سڤیل بدرێت.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقی و جیهانییەکان، لیژنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاندووە "کە لە مەنگی ڕابردووی زایینیدا چوار هەزار و 265 هاووڵاتیی عێراقی لە ڕەوتی هێرشە تیرۆریستی و شەڕە چەکدارییەکاندا کوژراو، یان بریندار بوون و بەغداش زیاترین خەساری بینیوە."
لە بەیاننامەی دەرکراو لەلایەن ئەو لیژنەوە هاتووە "کەلە مانگی زایینیی ڕابردوودا ٢٨٨٥ عێراقی کوژراون و ١٣٨٠ کەسی دیکەش بریندار بوون."
یان کۆبیچ سەرۆکی لیژنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن لە ڕەوتی ئۆپراسیۆنی مووسڵدا کە کەمترین خەسار بە خەڵکی سڤیل بگات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتاکانی مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کەلە مانگی ئۆکتۆبەردا ٣١٥٠ عێراقی لە ڕەوتی ئۆپراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا کوژراو، یان بریندار بوون.
BAS NEWS-
