ئێستا لە عێراقدا هێزێکی یاسایی هەیە کە سەر بە ئێرانە
ئەمڕۆ چوارشەممە 30\11\2016، میسال ئالووسی، سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی مەدەنیی دیموکراتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: ”ئێمە ئەوەی لێی دەترساین ئەوەبوو کە دەوڵەت هەیبەت و تایبەتمەندی و ناسنامەکەی لەدەست بدات، ئەگەر مەبەست لە حەشدی شەعبی خۆبەخشەکانە، ئەوانە پاڵەوان و پارێزەری وڵاتن، بەڵام ئەگەر ئەو یاسایە هەموو ئەو هێزانە بگرێتەوە کە چەکدارن و پشتیوانی لە کۆمەڵگە دەکەن، ئەوا من پرسیارێک دەکەم، شوێنی پێشمەرگە لە یاسای حەشدی شەعبی لە کوێدایە؟ بۆچی لە بەغدا مووچەی حەشدی شەعبی دەدرێت، بەڵام مووچەی پێشمەرگە نادرێت؟ بۆچی چەکدارێکی حەشدی شەعبی بە نیشتمانی دادەندرێت، بەڵام پێشمەرگەیەک بە نیشتمانی داناندرێت؟“.
ئالووسی جەختی لەوە کردەوە کە پێوەرەکانی یاسای حەشدی شەعبی ”دووفاقی“ تێدایە و دەڵێت: ”ترسم لەوە هەیە کە ئەو یاسایەدا فێڵێکی گەورە بێت و زیان بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی داهاتووش بگەیەنێت“.
ئاماژەشی بەوە کرد کە چاودێریی سەرەکی لە ڕێکخستن، چەکدارکردن و ڕاهێنانی حەشدی شەعبی، ”هێزەکانی پاسدارانی ئێرانییە“. گوتیشی: ”ئێستا لە عێراقدا هێزێکی یاسایی هەیە کە بە ئاشکرا سەر بە ئێرانە، سیاسییەکانی عێراق، خۆیان داوەتە دەست ئێران، پرسیار ئەوەیە، ئایا ئێمە یاسایەکمان دەرکردووە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی پاسدارانی ئێرانی؟“.
لە کۆتاییدا داوای لە فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق کرد، یاساکە ڕەت بکاتەوە و ڕاگەیاند: ”ئێستا ڕۆڵی مەعسووم دەردەکەوێت، ئەو کەسێکی عەلمانییە، پێویستە کاریگەری ئەو حزبە هەبێت کە مەعسووم لایەنگریەتی، هەروەها مێژووی ژیانی مەعسوومیش کاریگەری هەبێت. بە خەمێکی زۆرەوە دەڵێم، پێموانییە فوئاد مەعسووم زۆر دژی یاساکە بێت، وای دەبینم کە سەرۆک کۆماریش هەبوونی هاوپەیمانی لەگەڵ پاسداران و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زەروورەت دەزانێ“.
باسنیوز
