رێژەی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2016ـی لیژنەکە، دەنگ لەسەر ئەوە دراوە، کە رێژەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە %4.8ـەوە بکرێتە %3.8.
پێشتر پەرلەمانی عێراق بڕیاریدابوو، کە رێژەی %4.8ـی هەموو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ببڕدرێت، بڕیارەکە بۆ فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە بوو جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارەکە دەدرا بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، کە بەشداریی شەڕەکانی دژ بە رێکخراوی توندڕەوی داعش دەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
باسنيوز
