دژەتیرۆر دەچێتە ناو گەڕەکی بەرید لە مووسڵ

 دژەتیرۆر دەچێتە ناو گەڕەکی بەرید لە مووسڵ
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دەچنە ناو گەڕەکی بەریدی شاری مووسڵ و چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش تووشی شکست دەبن.

بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتیحادیی عێراقی هەردوو گوندی ئەلبوسەی رۆژهەڵات و ساڵحییەیان لە سنووری شارەدێی تەل عەبتە لە باشووری رۆژئاوای شاری مووسڵ رزگار کردووەتەوە.

هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی چوونەتە ناو گەڕەکی بەرید لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ و چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و بارەگای داعشیان تەقاندووەتەوە.

چەکدارانی داعش بێ هیوابوون لە مانەوەیان لە شاری مووسڵ بەهۆی هێرشی زەمینیی هیزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و لە ئاسمانیشەوە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆیە ورەیان دابەزیوە و هەوڵی هەڵاتن لە بەرەکانی شەڕ دەدەن.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.














باسنيوز
Top