سۆزان ڕایس: ھاوپەیمانان ٥٥٪ی خاکی ژێردەستی داعشیان لە عێراق کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی دژ بە داعش لە عێراق بەرەوپێشچوونی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە.
کەناڵی (سی.ئێن.ئێن)ی ئەمریکی لە زاری سۆزان ڕایس ڕاوێژکاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان توانیویانە ٥٥٪ی خاکی عێراق لە تیرۆریستانی داعش پاک بکەنەوە و کۆتایی بە داگیرکاریی دووساڵەی داعش لەو ناوچانە بھێنن.
ڕایس ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پشتیوانی و پاڵپشتیی ھێزی ھاوپەیمانان کە لە ٦٨ وڵات پێکھاتووە، موسڵیان گەمارۆ داوە و پێشڕەوی بەرەو ناوەندی شارەکە دەستی پێکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکەی ئیدارەی واشنتۆن پێشبینی کرد کە شەڕی سڕینەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە سەخت بێت و شەڕەکە درێژە بکێشێت.
PAYAMNER-
