ئەیاد جمالەدین: حەشدی شەعبی کۆپیکراوی حزبوڵڵای لوبنانە
کەسایەتی دیاری ئایینی و سیاسیی عێراقی "ئەیاد جەمالەدین" لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی نووسیویەتی کە ئێران لە ژێر ناوی "حەشدی شەعبی" کۆپی حزبوڵڵای لوبنانی کردوە لە عێراقدا و دوای پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی "لە ئەمڕۆوە عێراق بە فەرمی بووە بو لوبنانێکی دیکە".
ناوبراو ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە "ھەردوو سوپا و میلیشیا ستراتیژیی ئایەتوڵڵا خومەینین بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، لەبەرئەوەی کە ڕێبەری شۆڕشی ئێران متمانەی بە سوپای ئێرانی نەبوو، ھەر بۆیە بە خێرایی سوپای پاسدارانی دروستکرد. دەنوسێت "ئێران حزب اللە ی لوبنانی دروستکرد و ئێران میلیشیای حزب اللە ی کرد بە میلیشیایەکی پیرۆز و ئەمەش لە عێراقدا دەکات."
ھەروەھا بە پێی ئەو ھەواڵە کە "سکای پرێس" بڵاوی کردووەتەوە، ئەیاد جمال الدین دەڵێت: "یاسای دەستەی حەشدی شەعبی خراپترین یاسایەکە لە عێراق دەرچووبێت لەدوای ڕووخانی سەددام تا ئەمڕۆ و یاسایەکی مەترسیدارە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی عێراق و جیھان. دەبێت ئەمریکا بزانێت کە ڕێگەیداوە بە دامەزراندنی حزبوڵڵایەکی دیکە لە عێراق و لە داھاتوودا دەبێت بەرپرسیارێتی پرۆسەکانی دوای ئەم ھەنگاوە لە ئەستۆ بگرێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
ئاماژە بەوەش دەکات کە ئوسامە نوجێفی بە تێپەراندنی یاسای کۆپیکراوی حزبوڵڵا لە عێراق(ئاماژە بۆ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەکات) ئێران پارویەکی ژەھراوییان پێداوە بۆ بێدەنگکردنی، ھەروەک چۆن دەرخواردی سەعد حریری و ھاوشێوەکانیان دا لە لوبنان، بۆیە داوا دەکات کە پێویستە لەسەر ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراقی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی خێرا.
PAYAMNER-
