سەدر داوایەكی سەیر لە میلیشیا شیعیەكان دەكات

سەدر داوایەكی سەیر لە میلیشیا شیعیەكان دەكات
موقتەدا سەدر چەند پێشنیازێكی بۆ پەرەپێدانی كاری چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق خستەڕوو و داوای كرد ئەوانەی لە ریزی ئەو چەكدارانەدان دەبێ بەڵێنی ئەوەیان لێ وەربگیرێ دەست لە سیاسەت وەرنەدەن و رەتی كردەوە جلی ئەوساو ئێستەی حەوزەی عیلمییشن بپۆشن.


دوێنێ یەكشەممە ئەو پێشنیازانەی سەدر رادەستی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق و سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا. لەمبارەوە سەرۆك كۆمار رۆژی یەكشەممە پێشوازی لە شاندێكی رەوتی سەدر كرد كە نامەیەكی سەدری لەمەڕ دوایەمین پێشهاتە سیاسییەكانەوە بە سەرۆك كۆمار گەیاند.


هاوكات نووسینگەی سەلیم جبووری رایگەیاند كە جبووری نامەیەكی لە رەوتی سەدرەوە وەرگرتووە تێیدا داوای كردووە بەسەر هەموو ئەو شتانەدا باز بدرێ كە رێگری لەو ئامانجە نیشتمانییانە دەكەن یان پەكی دەخەن كە چەكدارەكانی حەشدی شەعبییان لەپێناودا دامەزراوە.


روونیشی كردووەتەوە كە نامەكە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە پێویستە رێ‌ نەدرێ ئەندامانی ئەو میلیشیانە سەر بە هیچ رەوتێكی سیاسی بن.


نامەكەی سەدر بۆ مەعسوم و جبووری داوای كردووە كە پێویستە رەچاوی بەرژەوەندی نیشتمانی بكرێت لە رووی تێكەڵاوكردنی حەشدی شەعبی لە دەزگە فەرمییەكانی دەوڵەتدا لە پێناوی خۆدوورخستنەوە لە هەموو كێشە سیاسی و تایەفەگەری و ئەمنییەكان.


روونیشی كردووەتەوە كە بە بەرژەوەندی دەزانێت ئەو پێشنیازانە رەچاو بكرێن، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەو تێكەڵاوكردنەوە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كرا.


داوایشی كردووە تێكەڵاوكردنەكە ئەو كەسانە نەگرێتەوە كە تاوانیان كردووە لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێننامەیەك لەوانەی لە ریزی حەشدی شەعبیدان كە دەست لە سیاسەت وەرنەدەن.


هەروەها سەدر داوای كردووە ئەندامانی حەشدی شەعبی جلی ئەوساو ئێستەی حەوزە نەپۆشن و دەزگەی حەشدیش لە مەرجەعییە ئایینییەكانی عیراق و ئێران دوور بخرێنەوە. لەگەڵ پێویستی ئەوەی كە حەشد بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە پەیوەست بێت.
BAS NEWS -
Top