بەهۆی گرێبەستێكی مالیكییەوە عێراق مانگانە بەملیۆن دۆلار سزا دەدرێ

 بەهۆی گرێبەستێكی مالیكییەوە عێراق مانگانە بەملیۆن دۆلار سزا دەدرێ
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد حكومەتی بەغدا مانگانە بڕی یەك ملیۆن دۆلار وەكو سزا دەداتە حكومەتی كۆریای باشوور، بەهۆی ئەو گرێبەستەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ كڕینی چەند فڕۆكەیەكی (T-50IQ) ئیمزای كردووە.

پەرلەمانتار حاكم زاملی كە سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقە، رایدەگەیەنێ مالیكی لە ساڵی 2013دا گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی كۆریای باشوور ئیمزا كردووە، بۆ كڕینی 24 فڕۆكەی (T-50IQ).

ئەوكات مالیكی وەها پێشانی خەڵكی عێراقی دا كە ئەو گرێبەستە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی توانای حكومەتی عێراق لەبواری بەرگریدا و وەك شانازییەكی گەورە باسی لێوە دەكرد، تا لە شەڕی دژە تیرۆردا بەكار بهێندرێن.

بەپێی گرێبەستەكە، بڕیار بووە فڕۆكەكان لە مانگی نیسانی 2016 رادەستی بەغدا بكرێت، ئەویش دوای ئامادەكردنی فڕۆكەخانەیەكی تایبەت، كە فڕۆكەخانەی سوەیرەی بۆ دەستنیشان كرابوو، بەڵام هێشتا فڕۆكەخانەكە ئامادە نەكراوە.

لای خۆیەوە پەرلەمانتار محەمەد كەربولی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی یەكەم پرسیار كە لە كاتی خۆیدا ڕووبەڕووی وەزیری بەرگریی عێراق كرایەوە، ئەو بابەتە بوو، بەڵام بەداخەوە دەستی گەندەڵكاران درێژە.

هەروەها گوتی ئەو گرێبەستە یەكێ لە گەورەترین گرێبەستەكانی گەندەڵی عێراقە، لەبەرئەوەی تا ئێستە فڕۆكەخانەیەك نیە بۆ نیشتنەوەی ئەو فڕۆكانە، لە كاتێكدا دروستكردنی فڕۆكەخانەكە تەنها 60 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

كەربولی دووپاتی كردەوە كە هێزە ئاسمانییەكانی عێراق هیچ كات وەكو ئێستە پێویستیان بەو فڕۆكانە نەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

لای خۆیەوە ئەسكەندەر وەتوت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لەمبارەوە دەڵێ بەنیازن لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە لەمبارەیەوە دەست پێبكەن و لێپرسینەوە لەگەڵ حەمە ئەمین فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق بكەن.

بەگوێرەی سەرچاوە حكومیەكانی بەغدا، عێراق لە ماوەی حوكمی نوری مالیكییدا بڕی 1000 مليار دۆلار (یەك تريليۆن دۆلار) زیانی بەركەوتووە، بەبێ ئەوەی هیچ یەكێ لە پرۆژەكان لە سەردەمی ئەو سەرۆك وەزیرانەدا بەڕێكوپێكی جێبەجێ بكرێن. بەم هۆیەشەوە عێراق وەك چوارەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهان دەناسرێت.















Top