هێزه‌كانی عێراق لە موسڵ گه‌یشتوونه‌ته‌ كەنار رووباری دیجله‌

هێزه‌كانی عێراق لە موسڵ گه‌یشتوونه‌ته‌ كەنار رووباری دیجله‌
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سه‌ر به‌ سوپای عێراق رایگه‌یاند هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ پێشڕه‌وییه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ و له‌ به‌ری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ كەنار رووباری دیجله‌.


ئەمڕۆ شەممە له‌ به‌یاننامه‌یەكدا سوپای عێراق رایگه‌یاند یه‌كه‌كانی سه‌ر به‌ فیرقه‌ی نۆ، پێشڕه‌وییان كردووه‌ و گوندی جلیوخانیان له‌ میحوه‌ری زاب له‌ رۆژهه‌ڵاتی رووباری دیجله‌ كۆنترۆڵ كردووه‌تەوە.


شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له‌ 17ی مانگی رابردوو و به‌ به‌شداری 45 هه‌زار له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق له‌ سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا شان به‌ شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی پێكردووه‌.


له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ئاسمانه‌وه‌ پاڵپشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات و تا ئێستە چه‌ند شارۆچكه‌ و شاره‌دێ و ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا رزگار كراون و ئێستە موسڵ له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ گه‌مارۆ دراوه‌.
BAS NEWS -
Top