سوننەکان: یاسای حەشدی شەعبی دیکتاتۆریەت دروست دەکات
ئەحمەد مەساری، سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان جەتیان لەوە کردبووەوە، کە پێویستە پێداچوونەوەی زیاتر بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بکرێت، چونکە ”دەبێتە بارگرانی بۆ عێراق“.
ئەحمەد مەساری هەروەها رایگەیاند، کە بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە، عێراق بەرەو دیکتاتۆریەتی زۆرینە دەچێت و ئەو یاسایە خەنجەرێکی ژەهراوییە بۆ بنەمای هاوبەشی لە عێراق.
سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاریی بەرامبەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری، دژایەتیی خۆی بۆ دروستکردنی هێزی چەکداریی دیکە نیشان دا، ”بەتایبەت ئەگەر ھێزە تازەکان تایەفی بن“.
هەروەها ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، داوای پێداچوونەوەی یاساکەیان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بەڵام ”پێداچوونەوەی نەکرد، کە ئەمە دەرچوونە لە بنەمای دەوڵەتمەداری“.
ئوسامە نوجەیفی بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بەوە کرد، کە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، عێراق لاسایی ئێران دەکاتەوە لە بوونی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە،
”ھەندێک لایەن دەیانەوێت لاسایی ھەندێک وڵات بکەنەوە، بەڵام ئێمە ئەو یاسایە ڕەت دەکەینەوە“.
جێگری سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها رایگەیاند، کە لە دادگای فیدڕالیی عێراق تانە لە یاساکە دەدەن.
رۆژی شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2016، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجام دا و بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەند کرا.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
