سامر سەبهان، وەزیری کاروباری کەنداوی عەرەبی: نوری مالیکی ئامرازێکە بۆ وێرانکردنی عێراق
سامر سەبهان، وەزیری کاروباری کەنداوی عەرەبی لە حکوومەتی سعودیە و باڵیۆزی پێشووی ئەو وڵاتە لە عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ئاگری تائیفی و نەتەوەیی لە نێوان سوننە، شیعە و کوردەکانی عێراق هەڵگیرساند.
سامر سەبهان هەروەها رایگەیاندووە، کە نوری مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی عێراقە لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعش و ئامرازێکی ئێرانییە بۆ وێرانکردنی عێراق.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
نوری مالیکی، کە لەساڵی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، دژایەتیی پێکهاتەی عەرەبی سوننەمەزهەب و گەلی کوردستانی دەکرد، زۆرینەی سەرکردەکانی عێراق پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.
باسنيوز
