عێراق فڕۆکە جەنگییەکانی دەخاتە خزمەتی زیارەتکارانی شیعە
بەپێی راگەیەندراوێکی هێزی ئاسمانیی عێراقیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق 18 دەرچوونی ئاسمانییان کردووە بۆ پاراستنی زیارەتکارانی شیعە.
ئەو زیارەتکارانە لە هەموو شارەکانی عێراق و وڵاتانی شیعەمەزهەبی جیهانەوە روودەکەنە شاری کەربەلا لە باشووری عێراق، بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی شەهیدبوونی حوسێنی کوڕی عەلی، کوڕەزای پێغەمبەری ئیسلام و ئیمامێکی گەورەی شیعەمەزهەبەکان.
هەروەها هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق وەک ئەمبولانس لە ئاسمانی کەربەلا دەسووڕێنەوە و بە هانای بریندار و نەخۆشان لە ناو شارەکە دەچن.
بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی شیعەی عێراق، ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان، بەمەبەستی زیارەتکردنی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە، روویان لە کەربولا و نەجەف کردووە.
باسنیوز
