له‌یه‌ك مانگی شه‌ڕی موسڵ زیاتر له 62 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون
له‌و ئاماره‌دا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه، وه‌زاره‌تی كۆچبه‌رانی عیراق ئاشكرایكردووه كه له‌ده‌ستپێكی شه‌ڕی موسڵه‌وه 62 هه‌زارو 399 كه‌س له‌ناوچه‌كانی دهوروبهریو ناوشاره‌كه‌وه ئاواره‌بوون.
ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ، 17ی مانگی رابردوو به‌به‌شداری پێشمه‌رگه‌و هێزه عیراقییهكانو پاڵپشتی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستپێكردو دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌یان ناوچه‌ی سنوره‌كه، له‌ئێستادا شه‌ڕ لهناوشارهكهدایهو چه‌ند گه‌ڕه‌كێكیش له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهێنراون.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عیراق، له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی سه‌نته‌ری شاری موسڵه‌وه سێ هه‌زارو 700 كه‌س ئاواره‌بوون، له‌و ژماره‌یه‌ش 26 كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌و بۆردومانه‌كانی داعشه‌وه برینداربوون.
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستێكی شه‌ڕی موسڵه‌وه، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مرۆیی‌و له‌نێویاندا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هۆشداریداوه له‌وه‌ی زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن دانیشتووی شاره‌كه ئاوارهدهبنو ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، به‌هۆی پێكدادانه‌كانه‌وه روبه‌ڕوی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌دا له‌ناوچه‌كانی تری ژێر ده‌ستی داعش خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ههڵدێنو به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ، له‌ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا 150 كه‌س له‌قه‌زای حه‌ویجه‌ی سه‌ر به‌پارێزگای كه‌ركوك به‌ره‌و ناوچه ئارامه‌كان ئاواره‌بوون.
ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ئاواره‌كانی موسڵ‌و ناوچه‌كانی تری عیراق رووبان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه، له‌ئێستادا نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره له‌پارێزگاكانی هه‌رێم نیشتهجێكراونو تادێت زیاتر ده‌بن.
ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه بڵاویكرده‌وه كه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ زیاتر له 36,609 كه‌س ئاواره‌ی هه‌رێم بوون، له‌كه‌مپه‌كانی خازر و حسن شام و زێلكان نیشته‌جێكراون، ئه‌وه‌ش ده‌كاته له‌سه‌دا 78ی كۆی ئاواره‌كانی موسڵ و ده‌وروبه‌ری.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی گه‌یاره له مانگی ئاداری 2016 زیاتر له 33,000 كه‌س له‌ناوچه‌كانی گه‌یاره، شه‌رگات و حاجی عه‌لی ئاواره بوون و له كه‌مپی دیبه‌گه نیشته‌جێكراون.
خه‌ندان
