تره‌مپ یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق زیاتر ده‌كات

تره‌مپ یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق زیاتر ده‌كات
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا له‌ دوا پێشهاته‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و پرسه مه‌یدانییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا جه‌نه‌راڵ جۆزێف فۆتیل تاوتوێ ده‌كات.

هێزه‌كانی عێراقی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ رووبه‌ڕووی به‌رگرییه‌كی توندی داعش بوونه‌ته‌وه‌ و به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، داعش به‌ رێگه‌ی زیادكردنی هێرشه‌ خۆكوژییه‌كان به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی عێراقی بووه‌ته‌وه‌.

عه‌بادی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ دوا پێشهاته‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ خسته‌ڕوو و نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند عه‌بادی باس له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی عێراقی به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی داعش و گرنگی یه‌كێتی هه‌وڵه‌كانی دژی داعش و نه‌هێشتی تایفه‌گه‌رایی كرد و نییه‌تی عێراقیش بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ گرنگه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا خسته‌ڕوو.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یاندراوه‌كه‌، تره‌مپ سه‌رباری پیرۆزباییكردنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی شه‌ڕی موسڵ و پێداگری له‌سه‌ر هاوكاری زیاتری ئه‌مریكا بۆ عیراق، بانگهێشتی عه‌بادی كرد بۆ سه‌ردانكردنی ئه‌مریكا له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا، پاش به‌رێوه‌چوونی رێوره‌سمی وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.


عه‌بادی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و مه‌شق و راهێنان و پڕچه‌ك كردنی هێزه‌كانی عیراقی له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ جۆزێف فۆتیل فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا تاوێكرد.

به‌ پێی راگه‌یاندراوێكی دیكه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، فۆتیل پابه‌ندبوونی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ شه‌ڕی تیرۆر و راهێنانی و پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی عێراق دووپات كرده‌وه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو به‌ به‌شداری هێزه‌كانی عێراقی و كوردستان و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و له‌ماوه‌ی دوو مانگدا سه‌ره‌ڕای كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی قه‌زا و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ له‌ باكوور، رۆژهه‌ڵات و باشوور، چه‌ندین گه‌ره‌كیان له‌ به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌شیان كۆنترۆڵ كردووه‌.








k24
Top