یەک لەسەر سێی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کە پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2016 لە شارۆچکەی گەیارە لە باشووری مووسڵ ئەنجام درا، عەمید سەعد مەعن، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵی هێزە عێراقییەکان رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان بە رێنمایی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەجوڵێنەوە و بە پاکیی شەڕ دەکەن.
عەمید سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا یەک لەسەر سێی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە.
هەروەها عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیریی و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کە هێزەکانی پێشمەرگە پلانی خۆیان هەیە و کات و ساتی هێرشەکان دیاری کراون و لەم کاتەشدا، تەنها ”پشتیوانیی“ سوپای عێراق لە پێشڕەوییەکانی دەکەن.
هەر لە کۆنگرەکەدا، جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵەوە، چوار هەزار هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بارەگاکانی داعش.
جۆن دۆریان هەروەها پیرۆزبایی رزگارکردنەوەی شارەدێی نەمروودی کرد و رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش و پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
