داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەیەکی ڕۆژئاوای پارێزگای کەربەلا

 داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەیەکی ڕۆژئاوای پارێزگای کەربەلا
ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێرشی کردە سەر شارۆچکەی (عێن ئەلتەمەر)ی ڕۆژئاوای پارێزگای کەربەلا و بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە.



بەپێی راگەیاندراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی (فورات ئەلئەوسەت) کە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوی کردووەتەوە و کاتژمێر 6ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14\11\2016، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، لە ڕێگەی ژمارەیەک خۆکوژەوە، هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی (عێن ئەلتەمەر) کە 120 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری کەربەلا هەڵکەوتووە.



ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە 5 خۆکوژ بە پشتێنی بۆمبڕێژکراوەوە لەلایەن هێزەکانی فەرماندەییەکە کوژراون، بەڵام خۆکوژی شەشەم خۆی تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە 6 کەس کوژراون و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون.



هەر لەمبارەیەوە سەعد میعەن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕای گەیاندووە کە خۆکوژەکە لەنێو ماڵێکی گەڕەکی (جیهاد)ی شارۆچکەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە 6 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.






باسنیوز
Top