شانەی راگەیاندنی جەنگی: داوای لێبوردن دەكەین نەمروود کۆنترۆڵنەکراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی جەنگی: داوای لێبوردن دەكەین نەمروود کۆنترۆڵنەکراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە سوپای عێراق داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت، شارۆچكەی نەمروود بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە و ئەو هەواڵە بە هەڵە بڵاوكراوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13-11-2016 شانەی راگەیاندنی جەنگی رايگەیاند "هەواڵی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچكەی نەمروود بە هەڵە لەلایەن شانەی راگەیاندنی جەنگی بڵاوکراوەتەوە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین و راستییەکەی ئەوەیە، کە گوندی نەمروود و تەل نەمرد کۆنترۆڵکراونەتەوە، کە ناوچەیەکی شوێنەوارین".

شانەی راگەیاندنی جەنگی جەختیش لەوەدەکاتەوە، شارۆچكەی نەمروود تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە و پێشڕەوییەکانیش بەردەوامن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی پارێزگای نەینەوا.

رۆژی یەكشەممە 13-11-2016 فەریقی روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی "واهاتین نەینەوا" (قادمون یا نەینەوا) رایگەیاند، هێزەكانی فیرقەی 9ی زرێپۆش شارۆچكەی نەمروودیان بە تەواوی لەدەست داعش كۆنترۆڵكردەوە و ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەكان هەڵكراوە.

پێشتریش دوای پێكدادانێكی تووند، هێزە هاوبەشەكان گوندی نعمانیەـیان لە باشووری شارۆچكەی نەمروود كۆنترۆڵكردەوە.

دوو ساڵ پێش ئێستا چەكدارانی داعش نەمروودیان كۆنترۆڵكرد، كە تەنیا یەك كیلۆمەتر لە شوێنەوارە مێژوويیەكانی ئاشوورییەكان دوورە.

دوای كۆنترۆڵكردنی چەكدارانی داعش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا وێرانكردنی شوێنەوارەكانی ئەو شارۆچكە مێژووییەی بڵاوكردەوە.

نەمروود دەكەوێتە باكووری رووباری دیجلە، بە دووری 30 كیلۆمەتر لە باشووری موسڵ.
RUDAW-
Top