پەرلەمانتارێکی شیعە: لەبەر دوو هۆکار وێستگەی ناوەکی دروست ناکەین

 پەرلەمانتارێکی شیعە: لەبەر دوو هۆکار وێستگەی ناوەکی دروست ناکەین
پەرلەمانتارێکی رەوتی سەدری شیعەمەزهەب لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لەم کاتەدا، لەبەر دوو هۆکار وێستگەی ناوەکی (ئەتۆمی) دروست ناکات.

رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2016، ماجد ئەلغەڕاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی لە ئایندەدا دەتوانێ بیر لە دروستکردنی وێستگەی ناوەکی بۆ مەرامی ئاشتی و وزە بکاتەوە و دواتر پەرەی پێبدات.

ماجد ئەلغەڕاوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەم کاتەدا عێراق بیر لە دروستکردن و بونیادنانی وێستگەی ناوەکی ناکاتەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی بە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و قەیرانی دارایی وڵات.

ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە شیعەیە لە کاتێکدایە، کە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی عێراق تاوەکو ئێستا نانی رۆژانەیان دەست ناکەوێت و بەشێکی لە خاکی ئەو وڵاتەش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کراوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.












باسنيوز
Top