هێزە عێراقییەکان شارەدێیەکی مێژوویی رزگار دەکەنەوە
شارەدێی نەمروود ناوچەیەکی میژووییە و لە سەدەی نۆیەمی پێش زایین کراوەتە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و بەهۆی داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ساڵی 2014 زۆربەی شوێنەوارەکانی وێران کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، پۆلیسی ئیتیحادی، کە سەرپەرشتیی میحوەری باشووری مووسڵ دەکات، رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2016، شارەدێی نەمروودیان بە تەواوی رزگار کردەوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
