پەرلەمانتارێک گەندەڵییەکی نوری مالیکی ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتارێک گەندەڵییەکی نوری مالیکی ئاشکرا دەکات
ژنە پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا گەندەڵییەکی سەردەمی حومڕانێتیی نوری مالیکی لەبارەی کڕینی چەک، ئاشکرا دەکات.



عالییە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە بڵاو کردەوەی بەڵگەکاندا، خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا گرێبەستە ”گەندەڵییەکان“ لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی ئەنجام دراون، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو.



بەپێی بەڵگەکان، کە عالیە نوسەیف بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی عێراقی گرێبەستێکی لە بەرواری 14ـی نیسانی 2014 لەگەڵ کۆمپانیای ئەپۆڵۆی بولگاری واژۆ کردووە بۆ کڕینی 50 هەزار چەکی جۆری کلاشینکۆڤ(AK 7.62m).



هەروەک ئەو ژنە پەرلەمانتارە رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە لەو گرێبەستە پەشیمان بووەتەوە و 50 هەزار چەکی جۆری (VZ-58)ـی بۆ سوپای عێراق ناردووە و ناردنەکەس لە ژێر ناوی چەکی کلاشینکۆڤ بووە.



نوری مالیکی بۆ دوو خول و لە 20ـی ئایاری 2006 تاوەکو 8ـی ئەیلوولی 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو و بەشكی زۆر لە سەرکردە عێراقییەکانیش پێیانوایە، مالیکی بەشێوەیەکی دیکتاتۆریانە حوکمڕانیی دەکرد و هەموو گرێبەست و رێککەوتنێکی حکوومەتی عێراق، بە ئاگاداریی و رەزامەندیی ئەو ئەنجام دەدرا.



عالیە نوسەیف پێشتر ئەندامی کوتلەی عێراقییەی سپی بوو بە سەرۆکایەتیی حەسەن عەلەوی، بەڵام بەهۆی ”پاشخانە بەعسی بوونەکەی“، وازی لەو کوتلەیە هێنا و چووە پاڵ کوتلەکەی نوری مالیکی، کە بەهێزترین کوتلەی پەرلەمانی عێراق بوو.





باسنیوز
Top