جارێکی دیکە عەبادی هەڕەشە لە تورکیا دەکات

 جارێکی دیکە عەبادی هەڕەشە لە تورکیا دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە هەڕەشەوە هۆشداری بە بەرپرسانی تورکیا دا و ڕای گەیاند، لە هەر جووڵەیەکی سەرکێشیدا لەناو عێراق، باجی کارەکەیان دەکەن.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی عێراق شارۆچکەی تەلەعفەر لە ڕۆژئاوای مووسڵ کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە.



بە گوتەی ئەو، ”هەندێک کەس“ زانیاری بە هەڵە دەگوازنەوە و تورکیا بۆ ناردنی هێزەکەی بۆ ناو شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەر هان دەدەن. گوتیشی: ”تورکیا مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، نەک خەڵکی تەلەعفەر“.



عەبادی هۆشداری بە بەرپرسانی تورکیا دا و جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەوەی لێ کرد کە “ھەر جووڵەیەکی سەرکێشی لە ناو عێراق، تورکیا باجی ئەو کارەی دەدات”.



پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەو هێزەی تورکیا کە لە ناوچەی باشیک جێگیر کراوە، هۆشداری بە تورکیا دابوو، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕای گەیاندبوو کە ئەو لە ئاستی عەبادیدا نییە.





باسنیوز
Top