سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق رایگه‌یاند، وتاره‌كه‌ له‌سه‌ر سنووری عێراق و سووریا ئاماده‌كراوه‌ و تۆماركراوه‌.

سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز، له‌ زاری ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له‌سه‌ر سنووری نێوانی عێراق و سووریادایه‌ و تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ستافێكی تایبه‌ته‌وه‌، به‌ر له‌ دوو هه‌فته‌ و هاوكاتی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ تۆماركراوه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌، كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌زانیاری هه‌واڵگری ورد، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌غدادی له‌ناو مووسڵ نه‌ماوه‌ و له‌ ناوچه‌یه‌كی سنووری نێوان عێراق و سووریایه‌، كه‌ بیابانه‌ و هیچ چاودێرییه‌كی زه‌مینی و ئاسمانی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌.

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌دا، داوا له‌ چه‌كدارانی رێكخراوی داعش ده‌كات شه‌ڕی توركیا بكه‌ن و هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سعوودیه‌ش.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ هێزه‌كانی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكیشیان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2016، به‌ یه‌كه‌م هێرشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ستیپێكرد و تا ئێستاش هێزه‌كانی عێراق، به‌ره‌و شاری مووسڵ له‌ پێشڕه‌ویدان.

شاری مووسڵ سه‌نته‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و به‌ دووه‌مین گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراق داده‌نرێت، له‌ 10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014، دوای ئه‌وه‌ی سوپای عێراق به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌رگرییه‌ك شاره‌كه‌یان چۆڵكرد، كه‌وته‌ ده‌ست داعش.
K24-
Top