عەبادی بڕیارێک لە دژی حەشدی شەعبی و پەکەکە دەدات

 عەبادی بڕیارێک لە دژی حەشدی شەعبی و پەکەکە دەدات
پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رێگا بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب و چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نادات بچنە ناو شارۆچکەی تەلەعفەرەوە.

عزەدین دەولە، پەرلەمانتار و گوتەبێژی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە ئەنجومونەکە داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە رێگا بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە نەدات بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر بکەن.

بە گوتەی عزەدین دەولە، حەیدەر عەبادی رەزامەندیی لەسەر داواکەی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی تەلەعفەر نیشان داوە و و رایگەیاندووە، کە پۆلیسی ئیتیحادی، سوپا و دەزگا دژەتیرۆری عێراق بەشداریی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر دەکەن و دوای رزگارکردنەوەشی، پێویستە خەڵکی ناوچەکە هێزێکی هاوبەش بۆ پاراستنی خۆیان دروست بکەن.

هەروەک ئەو پەرلەمانتارە باسی کردووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، کە پەکەکە ”رێکخراوێکە بە نایاسایی هاتووەتە ناو عێراق و ئێمە مامەڵەی لەگەڵ ناکەین“.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.

پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.













باسنيوز
Top