فوئاد حوسێن: ئەبوبەکر بەغدادی لە شاری مووسڵە

 فوئاد حوسێن: ئەبوبەکر بەغدادی لە شاری مووسڵە
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە خەلیفەی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە شاری مووسڵە.

فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)ی بەریتانی راگەیاندووە، کە بە دڵنیاییەوە داعش کۆتایی دێت و هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانی باشوور و عێراق رزگار دەکرێنەوە.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەرچەندە داعش لە مووسڵ بە تەواوی کۆتایی پێدێت، بەڵام دیار نییە ماوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارەکە چەند دەخایەنێت، چونکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک ئەگەرەوە، کە یەکێک لەوانە ئەگەری تەقاندنەوەی پێنج پردە سەرەکییەکەی شاری مووسڵە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە زیاتر لە هەشت مانگە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش خۆی حەشار داوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی شەڕی مووسڵ لە رەققەوە هاتووەتە مووسڵ و سەرپەرشتیی شەڕی رێکخراوەکەی دەکات.

فوئاد حوسێن باسی ئەو دەنگۆیانە دەکات، کە باس لە کوژرانی بەغدادی لە شاری مووسڵ دەکەن و رایگەیاندووە، کە ئەگەر ئەبوبەکر بەغدادی کوژرابێ، مانای ئەوەیە داعش کۆتایی هاتووە.

پێشتر لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.













باسنيوز
Top