هاوپەیمانان داعش لە سەنتەری مووسڵ بۆردومان دەکەن
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەکان لە چوارچیوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2016، بارەگاکانی ئەو رێکخراوەیان لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ بۆردومان کردووە.
ئەو بۆردومانانەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ هێرشی هێزە عێراقییەکان لە باشوور و رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ.
هەروەها رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی دووەم، جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ تاوەکو ئێستا، زیاتر لە سێ هەزار بۆمب و مووشەکیان ئاراستەی داعش لە مووسڵ کردووە.
پێشتر لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
