سەرکردەیەکی شیعە: چاوەڕێی فەرمانی عەبادین بۆ هێرشکردنە سەر سوپای تورکیا

 سەرکردەیەکی شیعە: چاوەڕێی فەرمانی عەبادین بۆ هێرشکردنە سەر سوپای تورکیا
جێگری سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، کە چاوەڕێی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقن بۆ هێرشکردنە سەر سوپای تورکیا.

رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2016، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بوونی سوپای تورکیا لە پارێزگای نەینەوا ”داگیرکارییە“ بۆ سەر خاکی عێراق.

ئەبومەهدی موهەندیس ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەرکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ پاراستنی شارۆچکەی تەلەعفەر قو گرتنی رێگای نێوان مووسڵ و سووریایە، ”گەنجانی مووسڵ پاراستنی شارەکەیان دەگرنە ئەستۆ“.

جێگری سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەروەها رایگەیاندووە، کە چاوەڕێی فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکەی سوپای تورکیا لە پارێزگای نەینەوا.

پێشتر ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزی پاراستنی نەینەوا (حەشدی نیشتیمانیی پێشوو) رایگەیاندبوو، هێزێکی سوپای تورکیا بۆ مەشقکردن بە هێزی پاسەوانی نەینەوا لە نزیک شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیر کراون، وەک ئامادەکارییەک بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و حزب و میلیشیا شیعەکانی عێراقیش داوای کشانەوەی دەکەن و رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، کە ناکشێنەوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هێزەی تورکیا بە داگیرکەر ناودەبات و داوای کشانەوەی دەکات، رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، کە هێزەکەیان لەوێ دەمێنیتەوە و ناکشێتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.












باسنيوز
Top