دژە تیرۆری عێراق: چەند ئاماژەیەک بۆ ڕاپەڕینی خەڵک لەناو مووسڵ هەیە

 دژە تیرۆری عێراق: چەند ئاماژەیەک بۆ ڕاپەڕینی خەڵک لەناو مووسڵ هەیە
فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق ئاشکرای کرد، چەند ئاماژەیەکیان بە دەست گەیشتووە کە ئەوە دەسەلمێنێت، خەڵکی مووسڵ ئامادەن ڕاپەڕین لە دژی داعش بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 31\10\2016، عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هاووڵاتییانی مووسڵ کرد، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن. ڕوونیشی کردەوە: ”خەڵکێکی زۆری مووسڵ هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دەکەن و یارمەتیی ئێمەشیان داوە کە پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان بکەین، هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵک گرنگە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان خۆیان بۆ چوونە ناو ناوەندی شاری مووسڵ ئامادە کردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم میحوەرەکان کار دەکەن. گوتیشی: ”چەند ئاماژەیەک هەن کە خەڵکی ناو مووسڵ دەیانەوێت لە دژی داعش ڕابپەڕن. داواشیان لێ دەکەین کە هاوکاریمان بکەن تاوەکوو لە زووترین کاتدا شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەینەوە“.

عەبدولغەنی ئەسەدی باسی لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن داعش ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەوان ڕێوشوێنی خۆیان بۆ پاراستنی هێزەکانیان لەو جۆرە چەکانە هەیە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هێشتا گەڕەکی گۆگجەلی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراوەتەوە، تەنیا کارگەکانی ئەو گەڕەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.















باسنيوز
Top