حەشدی شەعبی: 244 کیلۆمەترمان کۆنترۆڵکردووەتەوە

حەشدی شەعبی: 244 کیلۆمەترمان کۆنترۆڵکردووەتەوە

فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی رایگەیاند، لە ماوەی 14 رۆژی رابردوودا 61 گوندو 1400 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، هەروەها حەشدی شەعبیش دەڵێت، 244 کیلۆمەترمان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

فەریق رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی 61 گوندو 1400 كیلۆمەتر خاكیان لە میحوەری باشووری پارێزگای نەینەوا لەدەست داعش كۆنترۆڵكردوەتەوە، سەرەڕای كوژرانی 747 چەكدار، دەستگیركردنی 88 چەكداری دیكەو گواستنەوەی یەك هەزارو 3 سەدو 96 خێزانی ئاوارە".

هەروەها فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بە "تەقاندنەوەی 164 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، 42 ئۆتۆمبێلی سەربازی،61 پشتێنی بۆمبڕێژكراو، 47 ماتۆڕسكیلی بۆمبڕێژكراو كردوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 25 ئۆتۆمبێل و 170 پارچە چەكی جۆراوجۆر، 13 كارگەی تایبەت بە بۆمبڕێژكردن و هەڵوەشاندنەوەی یەك هەزارو 66 بۆمبی چێندراو".

هەرەوەها، لە بەیاننامەیەکدا راگەیاندنی جەنگی سەر بە حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی رۆژئاوای نەینەوا تاوەکو ئێستا نزیکەی 244 کیلۆمەتر و چەندین گوندی لە چوارچێوەی میحوەری باشووری رۆژئاوای موسڵ کۆنترۆڵکردووتەوە.

یوسف کیلابی، گوتەبێژی سەربازی حەشدی شەعبی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند، "ئەو میحوەر تایبەتە بە حەشدی شەعبی، سەرجەم هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن، لەسەرجەم بەرەکانی شەڕ بەرەو ئامانجی دیاریکراوەکانیان هەنگادەنێن بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر و بڕینی هێڵی پەیوەندی چەکدارانی داعش لەگەڵ رەققەدا لەو میحوەردا".
Rudaw-
Top